نوری مالیكی، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانیی ده‌وڵه‌تیی یاسا داوا ده‌كات په‌له بكرێت له پڕكردنه‌وه‌ی وه‌زاره‌ته به‌تاڵه‌كانی حكومه‌ت، هۆشدارییش ده‌دات له تێكچونی بارودۆخی عێراق و ده‌ڵێت، ده‌بێت پرۆسه‌ی كۆكردنه‌وه‌ی چه‌ك له‌ده‌ستی ده‌وڵه‌ت به شێوەیەکی ئاشتیانه به‌ڕێوه‌بچێت.
نوری مالیكی له‌میانی كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له شاره‌زایان و پسپۆڕانی سیاسی ڕایگه‌یاند، پێویسته پرسی كۆكردنه‌وه‌ی چه‌ك له ده‌ستی ده‌وڵه‌ت و جێبه‌جێكردنی بەشێوەیەکی ئاشتیانه و دوور له ئاڵۆزیی و به‌ریه‌ككه‌وتن و پێكدادانی ده‌وڵه‌ت و گروپه چه‌كداره‌كان به‌ڕێوه‌بچێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، وڵات به قۆناغێكی مه‌ترسیداردا تێده‌په‌ڕێت، پێویسته به ژیرانه و وریاییه‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی دۆخه‌كه له‌ده‌ست ده‌رنه‌چێت و پشێویی دروست نه‌بێت، چونكه ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه له‌ده‌ست ده‌رچوو كاریگه‌ریی خراپی ده‌بێت له‌سه‌ر ته‌واوی عێراق بێ جیاوازیی.
ئەوەشی گوتووە، هاوپه‌یمانیی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیی شیعەکان هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی به‌ربگرێت له هه‌ر پشێویی و نا سه‌قامگیرییه‌كی ناوخۆیی وڵات.
مالكی داوایكرد په‌له بكرێت له ته‌واوكردنی كابینه‌ی حكومه‌ت و پڕكردنه‌وه‌ی وه‌زاره‌ته به‌تاڵه‌كان، كه ئه‌و پرسه‌ش عه‌لی زه‌یدی سه‌رۆكوه‌زیران پشتیوانیی ده‌كات و هه‌ر وای ده‌وێت.