بە گوێرەی نوێترین ڕاپۆرتی دەستەی ئاماری عێراق، بەهۆی لێکەوتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمبوونەوەی پشکی ئاو، زەوییە بیابانبووەکانی وڵاتەکە بە ڕێژەی 48.5% هەڵکشاون و ئێستا زیاتر لە 23%ـی تەواوی ڕووبەری عێراقیان گرتووەتەوە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی بەشی ئامارە ژینگەییەکان لە دەستەی ئامار و سیستمی زانیارییەکانی عێراق (سەر بە وەزارەتی پلاندانان)، کەمبوونەوەی پشکی ئاوی پارێزگاکان بووەتە هۆی پاشەکشەی بەرچاو لە ڕووبەری ئەو زەوییانەی بە شێوازی ئاودێری دەچێنرێن.
ئامارە فەرمییەکان مەترسییەکی گەورەی ژینگەیی دەخەنەڕوو و ئاماژە بەوە دەکەن، ڕووبەری ئەو زەوییانەی بە تەواوی بوونەتە بیابان گەیشتووەتە 40.4 ملیۆن دۆنم (کە دەکاتە 23.2%ـی کۆی ڕووبەری عێراق)، ئەمەش بەراورد بە ساڵی 2021 کە 27.2 ملیۆن دۆنم بوو، ڕێژەکەی 48.5% زیادی کردووە.
ڕووبەری ئەو زەوییانەی لە ژێر مەترسیی توندی بیابانبووندان گەیشتووەتە 96.5 ملیۆن دۆنم، کە دەکاتە 55.5%ـی خاکی وڵاتەکە و بەراورد بە ساڵی 2021 نزیکەی 2.3% بەرز بووەتەوە.
سەرباری ئەم پاشەکشە گشتییە ژینگەیییە، ڕاپۆرتەکە ئەوەشی خستووەت ڕوو کە لە هەندێک ناوچە و بەتایبەت لە بەغدای پایتەخت، بەهۆی فراوانبوونی بیناسازی و پڕۆژەکانی ئاوەدانییەوە، کەمبوونەیەک لە ڕووبەری زەوییە بیابانییەکاندا تۆمار کراوە.