بە مەبەستی ڕێگریکردن لە روودانی لافاو و پێشوازیکردن لە وەرزی زستان، بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سەرجەم ئەو شوێنانەی ساڵانی ڕابردوو مەترسیی لافاویان تێدا هەبووە، چارەسەر کراون و ئامادەکاریی تەواو کراوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 11ی تشرینی یەکەمی 2026، سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگرییی شارستانیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "ئامادەکاریی تەواومان کردووە بۆ هاتنی وەرزی زستان و سەرجەم ئەو بۆند و مەنهۆڵانەی دەبوونە هۆی دروستبوونی لافاو لە ڕێگەی تیمەکانی شارەوانییەوە پاک کراونەتەوە."
سەرکەوت کاڕەش سەبارەت بە ئەگەری دروستبوونی لافاو، بەتایبەت لە شاری هەولێر، ئاماژەی بەوەدا، هەندێکجار بڕێکی زۆری باران لە کاتێکی کەمدا دەبارێت، کە کۆنترۆڵکردنی قورسە و دەکرێت کێشە دروست بکات، بەڵام جەختی لەوە کردەوە، دروستکردنی چەندین گۆم و بەنداو لە دوو ساڵی ڕابردوودا، لەگەڵ هەڵکەندن و ڕێکخستنەوەی ڕێڕەوە سروشتییەکان، مەترسییەکانی لافاوی لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو کەم کردووەتەوە.