بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی (الشرق الأوسط)، لێکۆڵینەوە سەرەتایییەکان ئاشکرایان کردووە کە تەقینەوەکەی سەربازگەی تاجی بەهۆی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە (درۆن) بووە کە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە ئاڕاستە کراوە، نەک بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە.
ڕاپۆرتەکە لە زاری سەرچاوە ئەمنی و هەواڵگرییەکانەوە بڵاوی کردووەتەوە، لێکۆڵەران دوای بەتاڵکردنەوەی کامێراکانی چاودێری سەربازگەی تاجی لە باکووری بەغدا، تەنێکی فڕیویان لە لای باشوورەوە بەدی کردووە کە پێش تەقینەوەکە بەسەر کۆگای تەقەمەنی فیرقەی 9ی زرێپۆشدا سوڕاوەتەوە.
هێرشەکە بووەتە هۆی تەقینەوەی نزیکەی 50 هەزار گولە تانک و زرێپۆش، بە جۆرێک کە فیرقەی 9ی سوپای عێراق (کە بڕبڕەی پشتی هێزی زرێپۆشە و بە چەکی ئەمریکی پڕچەک کراوە) لە ئێستادا تەنانەت یەک گولە تانکیشی لە کۆگاکاندا بۆ نەماوەتەوە.
سەرچاوەکانی ئەو ڕۆژنامەیە ئاماژەیان بەوە داوە کە ئەم هێرشە بەشێکە لە پلانی پێشوەختەی گرووپە چەکدارەکان بۆ لاوازکردنی توانای مەیدانیی سوپای عێراق لە ئەگەری هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ناوخۆییدا. دوای ڕووداوەکە، دەزگای هەواڵگریی سەربازی دەستبەجێ گەیشتووەتە شوێنەکە و ئەو ئەفسەر و سەربازانەی بەرپرس بوون لە پاراستنی کۆگاکە دەستبەسەر کراون.
هاوکات عێراق داواکارییەکی بەپەلەی پێشکەشی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە بۆ پڕکردنەوەی کەمیی تەقەمەنی و گولە تانکی ئەبرامز.