بەهۆی هێرشە ئاسمانییە هاوبەشەکانی ئەمریکا و سعودیە بۆ سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە عێراق، کە بووە هۆی کوژران و برینداربوونی نزیکەی 60 ئەندامی ئەو هێزانە، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانە فەرمییەکەی ئەمڕۆی بۆ ڕیاز هەڵوەشاندەوە، کە بڕیار بوو تێیدا دۆسیە ئەمنی، سنووری و هەماهەنگییە هاوبەشەکان تاوتوێ بکرێن.
هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی لە بەغدا و بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە و بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی کرد. بەردەوامیی ئەم هەنگاوانەی بە پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی عێراق ناوبرد و جەختی کردەوە، کە بەغدا ڕەتیدەکاتەوە خاکی وڵاتەکەی ببێتە مەیدانی یەکلاکردنەوەی ململانێ هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان.
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق هێرشەکانی بە بێ پاساو ناوهێنا و ڕایگەیاند، دەبوو سعودیە چاوەڕوانی ئەنجامی لێکۆڵینەوە فەرمییەکان ببووایە پێش ئەنجامدانی هەر هێرشێک.
لە لایەکی دیکەوە، گرووپە چەکدارەکانی بەرەی مقاوەمە لە عێراق تۆمەتەکانی سعودیەیان ڕەت کردەوە، کە گوایە لە خاکی عێراقەوە هێرش کرابێتە سەر کێڵگە نەوتییەکانی سعودیە.
بەرەی مقاوەمە هۆشداریی توندی دایە حکومەتی عێراق تا هەڵوێستی ڕاشکاوی هەبێت و ڕایگەیاند، دوای کۆتاییهاتنی ڕێوڕەسمی چلەی ئیمام حسێن، وەڵامێکی کوشندەیان بۆ هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و سعودیە دەبێت، ئەمەش مەترسییەکانی فراوانبوونی مەودای جەنگی ئێران و ئەمریکای بۆ تەواوی ناوچەکە زیاتر کردووە.