ڕاوێژکارێکی دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکرای دەکات، بەهۆی دابەزینی ئاستی هەناردەی نەوت و ڕاگرتنی پڕۆژە گەشەپێدانەکان لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئێران لە ٢٨ی شوباتەوە، نزیکەی ٤٠ بۆ ٤٥ ملیار دۆلار زیانی دارایی بە عێراق گەیشتووە.
مەزکەر محەممەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی (MBN) ڕایگەیاند، زیانەکان بریتی بوون لە و دەرفەتە ئابووری و داهاتانەی عێراق لە شوباتەوە تا ناوەڕاستی حوزەیرانی 2026 لەدەستی داون.
گۆڕانکارییەکە لە کاتێکدایە هەناردەی نەوتی عێراق لە ٣.٣ ملیۆن بەرمیلەوە بۆ کەمتر لە %١٠ دابەزیوە و ڕێڕەوەکانی هەناردەکردن تەنیا لەڕێگەی تورکیا و ئوردنەوە ماونەتەوە.
لەبارەی دابینکردنی مووچە و خەرجییەکان، ساڵح ئاماژەی بەوە کرد کە حکومەت هێڵی سووری بۆ مووچەی زیاتر لە ٩ ملیۆن مووچەخۆر و هاووڵاتی داناوە کە مانگانە نێوان ٨ بۆ ١١ تریلیۆن دیناری پێویستە.
بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانیش، وەزارەتی دارایی پەنای بۆ قەرزی ناوخۆیی دراو و دەرکردنی سەنداتی دارایی بردووە، بەمەش قەرزی گشتیی ناوخۆیی بۆ زیاتر لە ١٠٦ تریلیۆن دینار بەرزبووەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، ساڵح سەردانەکەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی بۆ واشنتن بە "خاڵی وەرچەرخان" لە بیرکردنەوەی ئابووریی بەغدا وەسف کرد.
لەو سەردانەدا ٤٨ لێکتێگەیشتن بە بەهای ٦٠ ملیار دۆلار لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان ئیمزا کراون.
عێراق هەوڵ دەدات لەڕێگەی هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیاکانی وەک شێڤرۆن و ئێکسۆن مۆبیل، ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوت ٢ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرز بکاتەوە و داهاتەکەی بخاتە ناو "سندوقی وزە و گەشەپێدانی عێراق" کە ئامانج لێی گەیشتنە بە ٤٠٠ ملیار دۆلار بۆ ژێرخانی ئابووری و کارەبا.