دەستەی دەستپاکی عێراق لە پارێزگای سەڵاحەدین، بەرپرسی بەشی موڵکایەتی لە بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی تکریت و فەرمانبەرێکی هەمان بەشی بە تۆمەتی دەستبەسەرداگرتنی زەویی هاوڵاتییان دەستگیر کرد.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی دەستەی دەستپاکی، تۆمەتباران پسولەی مامەڵەی تەرخانکردنی زەویی هاوڵاتییانیان بە نرخێکی زۆر کەم کڕیوەتەوە و خستوویاننەتە نێو لیستی فەرمیی دابەشکردنی زەوی، تا ببنە خاوەنیان و بییانفڕۆشنەوە.
دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، لە کاتی پشکنینی ماڵی بەرپرسەکەدا دەست بەسەر 94 بەڵگەنامەی زەویی شارەوانی، پسولەی مامەڵەی هاوڵاتییان، بڕێک پارە و دۆلار، ئۆتۆمبێلێکی نوێ، چەکی سووک و زێڕدا گیراوە. هاوکات لە ماڵی فەرمانبەرەکەی دیکەشدا دەست بەسەر کۆمەڵێک بەڵگەنامەی فەرمیی گواستنەوەی موڵکایەتیدا گیراوە.
لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی دەستپاکی، هەردوو تۆمەتبار بەپێی ماددەکانی (289 و 298) لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.