دەزگای دژەتیرۆری عێراق ئەنجامدانی دوو ئۆپەراسیۆنی سەربازیی سەرکەوتووی دژی پاشماوەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە سنووری پارێزگای سلێمانی و شارەدێی پردێ ڕاگەیاند، کە تێیدا سێ تۆمەتبار دەستگیر کران و دوو خۆکوژیش کوژران.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی دەزگاکە، لەسەر بنەمای زانیاریی هەواڵگیریی ورد، هێزەکانیان توانیویانە سێ تۆمەتباری داعش لە پارێزگای سلێمانی دەستگیر بکەن. لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە دووان لەو تۆمەتبارانە ڕۆژی پێشووتر چوونەتە ناو شاری سلێمانی و تۆمەتباری سێیەمیان پێشتر لەو پارێزگایە نیشتەجێ بووە.
لە لایەکی ترەوە، سەبارەت بە ڕووداوەکەی شارەدێی پردێ سەر بە پارێزگای کەرکووک، هێزەکانی دژەتیرۆر ڕووبەڕووی سێ چەکداری داعشی پڕچەک بە پشتێنی بۆمبڕێژکراو بوونەوە. لە ئەنجامی پێکدادان و ڕووبەڕووبوونەوە توندەکەدا، دوو لە چەکدارە خۆکوژەکان کوژران و سێیەمیان بە برینداری لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کرا.
دەزگای دژەتیرۆر ئاماژەی بەوەش کرد کە لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکەی پردێدا، دوو کارمەندی هێزەکانی دژەتیرۆر بریندار بوون، هاوکات هاووڵاتییەکی مەدەنی کە وەک کرێکار لە کارگەیەکی نزیک شوێنی ڕووداوەکە کاری دەکرد، گیانی لەدەست دا.