ڕاستەوخۆ

مەسعود بارزانی: بەغدا بە میزاجی کەسی حوکم دەکات نەک بە دەستوور

reset font size increase font size

مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی (شەرقییە)، کۆمەڵێک دۆسیەی هەستیاری سیاسی و ئەمنیی عێراق و هەرێمی کوردستان دەوروژێنێت و ڕایدەگەیێنێت، ئەگەر ڕێککەوتنی پێکهێنانی حکومەت جێبەجێ نەکرێت، لە حکومەتی عێراق نامێننەوە.

لە بەشێکی چاوپێکەوتنەکەیدا، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بە بەشدارییان لە حکومەتی فیدراڵی ئاماژە بەوە دەکات کە پێش پێکهێنانی حکومەت، ڕێککەوتنێک لەنێوان پارتی و چوارچێوەی هەماهەنگی واژۆ کراوە.

مەسعود بارزانی دەڵێت: "ڕێککەوتنێک کراوە لەنێوان پارتی و چوارچێوەی هەماهەنگی، ڕێککەوتنەکە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی و هادی عامری واژوویان کردووە، و لەسەر بنەمای ئەو ڕێککەوتنە ئێمە بەشدارییمان لە حکومەتی عێراق کردووە و پێویستە جێبەجێ بکرێت، ئەگەرنا هیچ بیانوویەک یان هۆکارێک نامێنێت بۆ مانەوەمان لە حکومەت و بەمنزیکانە ڕایدەگەیێنین."

بە گوتەی سەرۆکی پارتی، لە ڕێککەوتنەکەدا هیچ شتێک لە دەرەوەی دەستوور و پێچەوانی دەستوور بوونی نییە، جەختیشی کردەوە: "ئەگەر ڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکرێت، پێویست بە نەمانەوە لەو حکومەت ناکات و نابینە شاهێدی درۆ. کێشە ئەوە نییە تۆ پۆستت هەیە و وەزیرت هەیە، کێشەی بنەڕەتیی هەیە، کێشەکان کۆنن و بەدەستییانەوە گرفتارین، ماف، هاوبەشی و شکۆمەندی."

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، مەسعود بارزانی ئاشکرای کرد کە لە سەروبەندی پێکهێنانی حکومەتدا، هەندێک لایەنی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی و هەندێک لایەنی نێو سوننە پیلانگێڕیان لە دژی پارتی کردووە، بەڵام دواتر ئەوان لاپەڕەیەکی نوێیان لەگەڵیاندا کردووەتەوە.

ترسی دووبارەبوونەوەی سیناریۆی 2014

سەبارەت بە دۆخی ئەمنی و مانەوەی هێزە سەربازییەکان، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند کە ترسی لە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی ساڵی 2014 هەەیە، بەڵام هاوکات جەخت دەکاتەوە کە دۆخەکە گۆڕاوە و ئێستا ئەمریکا وەک داگیرکەر لە عێراق نییە.

بارزانی بیرخستنەوەی بۆ ساڵی 2011 کرد و گوتی: "لە ساڵی 2011 نزیکەی 100 هەزار سەربازی ئەمریکی لە عێراق بوون، کۆبوونەوەی زۆر لە بەغدا کرا لەسەر ئەوەی ئایا لەگەڵ ئەمریکییەکان بچینە نێو ڕێککەوتنێکی دووقۆڵییەوە یاخود دەبێت بچنە دەرەوە. لە یەکێک لە کۆبوونەوەکاندا، کە وەزیری بەرگری و وەزیری ناوخۆش ئامادە بوون، لە وەزیری بەرگریم پرسی، ئایا توانای ئەوەت هەیە وڵات بپارێزیت؟ گوتی، سوێند بە خودا هیچم نییە. لە وەزیری ناوخۆم پرسی، ئەویش گوتی سوێند بە خودا ناتوانم یەک سەربازگەش بپارێزم."

مەسعود بارزانی ئەوەشی خستەڕوو کە لەو کۆبوونەوەیەدا بە ئامادەبووانی گوتووە ئەگەر ئەفەسەرێکی ئەمریکی بێتە هۆڵەکەوە دەتوانێت هەموویان دەستگیر بکات و یەکێک لە ئامادەبووان وەڵامی داوەتەوە کە نەک ئەفەسەر، بەڵکو سەربازێکیش دەتوانێت ئەو کارە بکات.

ئەو دەڵێت: "منیش گوتم کەواتە باشتر نییە ڕێککەوتنێک هەبێت بۆ ئەوەی لانیکەم قۆناخی داگیرکاری کۆتایی پێبێت، سەروەریمان بگەڕێتەوە و ڕێککەوتنێکی دووقۆڵی لەنێوانماندا هەبێت؟ بەڵام گوێیان نەگرت و ململانێی سیاسییان پێوە کرد، سەرەنجام ئەمریکییەکان ڕۆیشتن و داعش هات، ئێستا من لە هەمان سیناریۆ دەترسم."

لە کۆتایی تەوەری ئەمنیدا، سەرۆکی پارتی ئاماژەی بە جیاوازی دۆخەکە دا و ڕایگەیاند کە لەو کاتەدا هێزەکان خۆیان ناوی داگیرکارییان لە خۆیان نابوو و وەکو هێزێکی داگیرکەریش مامەڵەیان دەکرد، بەڵام لە ساڵی 2014 و دوای هاتنی داعش، حکومەتی عێراق لەو کاتەدا پەنای بردە بەر ئەمریکا، وڵاتانی ئەورووپا و ناتۆ و داوایانکرد هاوکاریان بکەن و بەخێرایی فریایان بکەون.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.