وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، لە ماوەی یەکەمین 100 ڕۆژی حکومەتەکەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ڕێژەی تاوان لە وڵاتدا دابەزیوە بۆ نزمترین ئاست لە چەند ساڵی ڕابردوودا.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی ناوخۆ کە لە ڕێگەی گوتەبێژی فەرمی و بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندنی وەزارەتەکە، مقداد میری، بڵاو کراوەتەوە، ئەم دابەزینە بەرچاوە لە ئاماری تاواندا دەگەڕێتەوە بۆ بەهێزکردنی دەزگا هەواڵگری و ئەمنییەکان، پەرەپێدانی میکانیزمەکانی وەڵامدانەوەی خێرا، بەدواداچوونی داواکراوان و تێکشکاندنی تۆڕە تاوانکارییەکان.
جێی باسە، لەدوای دەستبەکاربوونی حکومەتەکەی زەیدی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و کۆنترۆڵکردنی چەکی بە دەوڵەت کردووە بە بنەمای سەرەکیی سیاسەتی ناوخۆیی خۆی، کە لە ئەنجامدا لە مانگی حوزەیراندا چەندین بەرپرسی باڵا دەستگیر کران و تا کۆتایی تەمموزیش زیاتر لە 125 ملیۆن دۆلار و 380 کیلۆگرام زێڕ و خشڵ لە دۆسیەیەکی گەندەڵی پەیوەندیدار بە نەوتەوە دەستی بەسەردا گیرا.
وەزارەتی ناوخۆ جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەردەوام دەبن لە پەرەپێدانی پلانە ئەمنییەکان و چڕکردنەوەی بوونی مەیدانی، بە مەبەستی پاراستنی سەقامگیری و گیان و ماڵی هاووڵاتییان لە سەرانسەری پارێزگاکانی عێراقدا.