وەزارەتی نەوتی عێراق بەرزبوونەوەی بەرچاو لە قەبارەی هەناردەکردنی نەوتی خاوی وڵاتەکەی ڕاگەیاند و ئاشکرای کرد، هەناردەی ڕۆژانەی نەوت لە ڕێگەی بەندەرەکانی باشوورەوە گەیشتووەتە نزیکەی دوو ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی وەزارەتی نەوتی عێراق، هەناردەکردنی نەوتی خاو لە ڕێگەی هێڵی بەندەری جەیهانی تورکیاوە بەردەوام لە هەڵکشاندایە و لە ئێستادا ئاستی هەناردەکردن لەو ڕێگەیەوە گەیشتووەتە نزیکەی 150هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
سەبارەت بە پلانەکانی داهاتوو، سەلیم ڕکابی وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ڕوونی کردەوە: "پلانی بەرفراوانکردن بەردەوامە بە مەبەستی بەرزکردنەوەی توانای هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی هێڵی جەیهانەوە، تاوەکو لە قۆناغەکانی داهاتوودا بگاتە 750 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا."
دەربارەی دۆخی بەندەرەکانی دیکەش، وتەبێژی وەزارەتی نەوت ئاماژەی بەوە کرد، لە ئێستادا هەناردەکردن لە ڕێگەی بەندەری بانیاسەوە تەنیا بۆ هەناردەکردنی نەوتی ڕەش تەرخان کراوە.