میدیای فەرمیی ئێران بڵاوی کردەوە، سبەی چوارشەممە، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، بە یاوەریی شاندێکی باڵای پەرلەمانی بۆ ئەنجامدانی چەند دیدار و کۆبوونەوەیەکی فەرمی سەردانی عێراق دەکات.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی تەسنیم، تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکانی قالیباف لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق بریتی دەبێت لە تاوتوێکردنی پێشهات و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، پتەوکردنی هاوکارییە ستراتیژییەکانی نێوان تاران و بەغدا، و هەڵسەنگاندنی ڕێکارە هاوبەشەکان بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
بڕیار وایە سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە سەردانەکەیدا چاوی بە کەسایەتی و بەرپرسە باڵاکانی عێراق بکەوێت و سەبارەت بە پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، ئاسایشی سنوورەکان، فراوانکردنی هاوکارییە ئابوورییەکان و جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنانەی لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەن، وتووێژ بکات.