عێراق و تورکیا کۆتاییان بە ئامادەکردنی ڕەشنووسی کۆتایی ڕێککەوتنی جێبەجێکردنی پڕۆژەی ستراتیژیی "ڕێگەی گەشەپێدان" هێنا، و بڕیارە بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندیی کۆتایی پێشکەش بە حکومەتی هەردوو وڵات بکرێت بەر لەوەی بە فەرمی واژوو بکرێت.
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق ڕایگەیاند کە پاش چوار ڕۆژ لە دانوستاندنی چر و پڕ لە بەغدا لە نێوان شاندە باڵاکانی هەردوو وڵاتدا، لایەنەکان گەیشتنە ڕێککەوتن لەسەر تەواوکردنی بڕگە و شێوازەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە لە ڕووی یاسایی، تەکنیکی و مالییەوە.
لەم کۆبوونەوانەدا نوێنەرانی وەزارەتەکانی ترانسپۆرت، نەوت، دارایی و دەرەوەی عێراق، بانکی ناوەندی و کۆمپانیای سۆمۆ، لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا و بانکی زراعت بەشدار بوون.
بەگوێرەی پلانی پڕۆژەکە، ڕێگەی گەشەپێدان کە بە تێچووی سەرەتایی نزیکەی 20 ملیار دۆلار خەمڵێنراوە، بەندەری فاو لە باشووری عێراق بە سنووری تورکیا دەبەستێتەوە و بە ناوچەکانی ناوەڕاست و باکووری عێراقدا دەپەڕێتەوە.
پڕۆژەکە بە سێ قۆناغ جێبەجێ دەکرێت، کە پێشبینی دەکرێت قۆناغی یەکەم لە ساڵی 2028 تەواو بێت، لە کاتێکدا قۆناغی دووەم و سێیەم لە ساڵانی 2033 و 2050 کۆتاییان پێ دێت.