هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و سەرکۆنەی هێرشە درۆنی و موشەکییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی کرد بۆ سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لە ماوەی جەنگی ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێراندا زیاتر لە 1000 هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان، کە نیوەیان بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و شوێنی نیشتەجێبوونی خێزانەکانیانی کردووەتە ئامانج. ئاماژەی بەوەش کردووە، بەکارهێنانی ئەم ڕەفتارە دوژمنکارانانە بەرامبەر هەرێمێک کە هەڵوێستی بێلایەنیی ڕاگەیاندووە، سەلمێنەری سیاسییەتی بنچینەیی ئێرانە دژی قەوارە و ئیرادەی کورد.
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران پشتگیریی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی و داوای لە حکومەتی عێراق کرد هەڵوێستی گونجاو بەرامبەر پێشێلکردنی سەروەریی وڵاتەکەی وەربگرێت، داوای لە وڵاتان و نوێنەرایەتییە دپلۆماسییەکانیش کرد بۆ ڕاگرتنی ئەم دەستدرێژییانە و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە، گوشار بخەنە سەر ئێران.
دەقی ڕاگەیاندراوەکەی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران:
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، هێرشەکانی ئێران دژ بە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان، مەحکووم دەکا!
بە پەلامارە درۆنییەکانی ئەمڕۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر نووسینگەی تایبەتی بەڕێز مەسروور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بارەگای ئاژانسی پاراستن و زانیاریی هەرێمی کوردستان، دژایەتیی و پێشێلکردنی بنەماکانی دراوسێتیی و نەپرینگانەوەی رێژیمی کۆماری ئیسلامی لە رەفتاری دوژمنکارانە دژی هەرێمی کوردستان، گەیشتە ئاستێکی دیکە. بەر لەوەش کۆمەڵێک دامەزراوەی لەشکریی و هەواڵگریی حکوومەتی هەرێم لە شاری سلێمانی، سەرەڕۆیانە و بێپاساو درانە بەر پەلاماری خەستی هاژەکیی و درۆنیی ئێران.
هەرێمی کوردستان لە ماوەی شەڕی ئەمریکا-ئیسرایل و ئێران زیاتر لە ١٠٠٠ هێرشی لەو چەشنەی کراوەتە سەر کە نیوەی ئەو هێرشانە بۆ سەر بنکە و بارەگانی حیزبەکانی رۆژهەڵات و شوێنی نیشتەجێبوونی خاو و خێزانەکانیان بووە .
پەلامارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان هەر لەسەرەتای لەم شەڕەدا هەڵوێستی بێلایەنی ڕاگەیاند و نەکەوتە بەرەی دژبەرانی ئێرانەوە. ئەوەش سەلمێنەری ئەو راستییەیە کە دژایەتی کورد و شەڕفرۆشیی بە هەر کیان و قەوارە و ئیرادەیەکی خۆبڕیاردەریی کوردستانیی لە ناوچەکە؛ سیاسەتێکی بنچینەیی کۆماری ئیسلامییە.
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان و داودەزگا حکوومیی و حیزبیی و مەدەنییەکانی مەحکووم دەکات و پشتیوانیی لە هەرێمی کوردستان دەردەبڕێ. هەروەها سەبارەت بەوەی ئەو دەسدرێژییانە لە ڕووی یاساییەوە پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی دەوڵەتی عێراقە، داوای هەڵوێستی شیاو لە بەغدا دەکات. ئەزموون سەلماندوویە کە بێدەنگبوون بەرانبەر رەفتاری دوژمنکارانە و تێکدەرانەی ئێران و دانەنانی تێچوو بۆ ڕەفتارەکانی، دەرفەتی پەرەپێدان و هەڵکشانی هەڕەشە و دەستدرێژییەکانی زیاتر بۆ دەخوڵقێنێ.
هاوپەیمانی کوردستانی داوا لە وڵاتانی خاوەن کۆنسولخانە و نوێنەرایەتیی لە هەرێمی کوردستان دەکا کە بۆ پێشگرتن لەو هێرشانە و پاراستنی سەروەری، ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان، تاران بخەنە ژێر گوشارەوە.
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران
٢٦ی گەلاوێژی ٢٧٢٦