لە هەنگاوێکی گرنگی توێژینەوە و بەڵگەنامەییدا بۆ پاراستنی بیرەوەریی قوربانیانی جینۆسایدی ئێزیدییەکان لە ساڵی ٢٠١٤، دەزگای چاپ و پەخشی ئەڵمانی (Westend) کتێبێکی نوێی لە نووسینی لێکۆڵەرانی ئێزدی «س. ر. سیدو» و «گۆدار قائدی» بڵاو کردەوە، کە تیشک دەخاتە سەر تاوانی رفاندن، مێشک شتنەوە و سەربازکردنی منداڵانی ئێزدی لەلایەن ڕێکخراوی ترۆریستیی داعشەوە.
کتێبەکە لە ڕێگەی ١١ تەوەر و بە پشتیوانیی شایەتحاڵی و بەڵگەی زیندووی منداڵانی ڕزگاربوو، بەدواداچوون بۆ پرۆسەی دابڕاندنی هەزاران منداڵی ئێزدی لە باوەشی دایک و باوک و کەلتوورەکەیان دەکات، کە دواتر لە ناوەند و مەشقگە توندڕەوەکاندا بە زۆر کرابوون بە چەکدار و تەنانەت هەندێکیان بۆ کردەی خۆکوژی بەکار هێنرابوون.
نووسەرانی کتێبەکە جەخت لەوە دەکەنەوە کە کارەساتی ئەم منداڵانە تەنیا لە سەردەمی دەستەسەریدا کۆتایی نایەت، بەڵکو دوای ڕزگاربوونیان، بەهۆی تێکچوونی دەروونی و کەمتەرخەمیی دامەزراوە حکومییەکان لە دابینکردنی بنکە و بەرنامەی تایبەتی چارەسەرکردن و تێکەڵکردنەوەی کۆمەڵایەتی، جارێکی تر دەبنە قوربانی.
شایەنی باسە، هەردووک نووسەر بڕیاریان داوە سەرجەم داهاتی فرۆشتنی ئەم کتێبە لە ماڵپەڕی ئەمازۆندا بۆ پشتگیریکردنی پڕۆژە و منداڵانی شنگال تەرخان بکەن، لەگەڵ پلانسازی بۆ وەرگێڕانی کتێبەکە بۆ چەندین زمانی تری ئەوروپی بۆ ئەوەی دەنگی قوربانییەکان بگاتە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.