سەرۆکی تیمی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان بۆ سیستمی ئەسیکۆدا ڕایگەیاند، حکومەتی عێراق بەبێ ئاگاداریی هەرێم ناوەڕۆکی نوسراوێکی فەرمیی ڕێککەوتنی گومرگیی دەستکاری کردووە.
سامی جەلال، سەرۆکی تیمی دانوستانکاری هەرێم بۆ سیستمی ئەسیکۆدا، بە نووچەی ڕاگەیاند کە لە ڕێککەوتنە هونەرییەکەی مانگی شەشی ئەمساڵدا، بڕیاربوو پرسی داهاتی گومرگی لەڕێگەی دوو پێشنیازەوە زامنی مافی هەرێم بکات و لە بەرژەوەندیی هەردوولادا بێت، بەڵام دواتر بۆیان دەرکەوتووە کە پێشنیازەکان بە بێ دەنگدان و گەڕانەوە بۆ لیژنەی هاوبەش گۆڕدراون بۆ ئەوەی سەرجەم داهاتەکە بۆ خەزێنەی گشتیی عێراق بگەڕێتەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، هەر بەو هۆکارەش بووە کە لایەنی کوردی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا ئەو گۆڕانکارییەی ڕەتکردووەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، بڕیارەکە لە ئێستادا دواخراوە و هەوڵ هەیە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی کاتی تا ئەو کاتەی لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٧دا بە یەکجارکی یەکلایی دەکرێتەوە.