مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام پێشوازی لە ژمارەیەک کەسایەتی، ڕیشسپی و سەرۆک تیرە و هۆزی پارێزگاکانی عێراق کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان نابێت ببێتە هۆکاری پەرتەوازەیی کۆمەڵایەتیی و تێکچوونی پەیوەندیی نێوان پێکهاتەکانی کورد و عەرەب.
بەگوێرەی راگەیەنراوی بارەگای بارزانی، لە دیدارەکەدا مەسعود بارزانی ئەوەی خستە ڕوو کە پەرلەمانتارەکانیان لە بەغدا ڕاسپاردووە کە لە ئەرک و کارەکانیاندا، کار بۆ تەواوی عێراق و کوردستان بەبێ جیاوازی بکەن.
هەروەها جەختیشی لەسەر بەردەوامیی چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ فراوانکردنی برایەتی و پەیوەندییەکانی نێوان پێکهاتەی عەرەب و کورد کردەوە.