- فەرماندەیی گشتیی یەکینەکانی پاراستنی ژن (YPJ) سەبارەت بەو ئیدیعایانەی کوشتنی سێ کەسی مەدەنی دەخەنە ئەستۆی هێزەکانیان ڕاگەیەندراوێکی نووسراوی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، ئەو دەنگۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بوونەتەوە بە تەواوی بێبنەما و درۆن و هێزەکانیان هیچ پەیوەندییەکیان بەو ڕووداوەوە نییە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت کراوەتەوە کە ئامانجگرتنی مەدەنییەکان بەپێی پێوەرەکانی یاسای نێودەوڵەتی و پرەنسیپە سەرەکییەکانی یەکینەکانی پاراستنی ژن تاوانە و قبووڵناکرێت.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە بۆ دەستنیشانکردنی بەرپرسان، دەرخستنی ڕاستییەکان و دەستەبەرکردنی دادپەروەری، لێکۆڵینەوەی فەرمیی بەربڵاو بەردەوامە و دوای تەواوبوونی، ئەنجامەکانی بۆ ڕای گشتی بڵاو دەکرێنەوە.