هەدیە یوسف، ئەندامی کۆنسەی هاوسەرۆکایەتیی پەیەدە، لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند کە پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ڕۆژاڤای کوردستان دروست دەکات و دەکرێت گۆڕانکاری لە سیاسەتەکانی تورکیادا ببێتە هۆی کۆتاییهاتنی شەڕ لە سووریادا.
لە درێژەی قسەکانیدا، ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە دەستێوەردانەکانی تورکیا هۆکارێک بوون بۆ بەردەوامیی شەڕ لە ڕۆژاڤا، بەڵام جێبەجێکردنی یاسای چوارچێوە دەتوانێت سیاسەتی تورکیا بگۆڕێت و یارمەتیی ڕۆژاڤای کوردستان و حکومەتی شام بدات بۆ گەیشتن بە چارەسەری کۆتایی.
هەدیە یوسف هۆشداری دا کە هەندێک لایەن هەوڵی هەڵگیرساندنی شەڕی نێوان کورد و عەرەب یان کورد و تورک دەدەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکانی نێوان هەسەدە و حکومەت، بۆیە پێویستە گەل بە هۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەدا بکات.
لە کۆتاییشدا جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە پێگەی عەبدوڵڵا ئۆجالان لە ناو یاسای چوارچێوەدا دیاری بکرێت و زمانی گوتاری حکومەتی تورکیا سەبارەت بە پڕۆسەکە گۆڕانی بەسەردا بێت.