نورەدین ئەحمەد، پارێزگاری حەسەکە، لەگەڵ نوێنەرانی بەشێک لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا دۆسیەی گەڕانەوەی ئاوارەکانی سەرێکانی بۆ زێدی خۆیان تاوتوێ کرا.
لە دیدارەکەی نێوان هەردوولادا، گفتوگۆ لەبارەی گەڕانەوەی ئاوارەکانی سەرێکانی و پێشکەشکردنی هاوکاری بەو 410 خێزانە کرا کە گەڕاونەتەوە شارەکە، هەروەها دۆخی بیناسازی و خزمەتگوزارییەکانی شارەکە و گوندەوارەکانی خرانە بەر باس.
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا باس لە باشترکردنی دۆخی ژیان و گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەکانی ناوچەکانی تری ڕۆژاڤای کوردستان بۆ زێدی خۆیان کرا، و جەخت لەوە کرایەوە کە بەگوێرەی خاڵی 14ەمی ڕێککەوتنی 29ی کانوونی دووەم، بڕیارە سەرجەم ئاوارەکانی ڕۆژاڤای کوردستان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.