فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، مەزڵووم عەبدی، رایگەیاند کە پێشوازیی لە نێردەی سەرۆکایەتی، زیاد عایێش، و فەرماندەی فەیلەقی دووەم، عەواد جاسم، کردووە و لە کۆبوونەوەکەدا چەندین دۆسیەی هەستیار سەبارەت بە ئاسایشی حەسەکە و پرۆسەی تێکەڵکردن تاوتوێ کراون.
مەزڵووم عەبدی لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (X) ئاماژەی بە ناوەڕۆکی سەردانەکە کرد و رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی چڕ لە بارەی دۆخ و سەقامگیریی پارێزگای حەسەکە، ڕێکارەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی پێشێلکاریی سەر دامەزراوەکانی دەوڵەت، دۆخی هاووڵاتییە مەدەنییە ئاوارەکان، و خێراکردنی هەنگاوەکانی پرۆسەی تێکەڵکردن کراوە.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە جەختی لەوە کردەوە که لایەنەکان گەیشتوونەتە کۆمەڵێک چارەسەری هاوبەش، و هەستیان بە کەشێکی ئەرێنی و هەنگاوی جدی کردووە بۆ تێپەڕاندن و چارەسەرکردن بنەڕەتیی ئەو دۆسیانەی خزمەت بە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە دەکەن.