ئیدریس کولاهدوزی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی و بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵە بە نووچە تیڤی ڕایگەیاند، کاتژمێر 03:10ـی بەرەبەیان بە سێ موشەک هێرشکراوەتە سەر ئۆردوگای زڕگوێزەڵە کە بنکەی سەرکردایەتی و شوێنی ژیانی کوردانی ڕۆژهەڵات لەخۆ دەگرێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە بەهۆی بەردەوامیی هێرشەکان لە ماوەی ئەمساڵدا، کەمپەکە تا ڕاددەیەکی زۆر چۆڵ بووە و ئەوانەشی تێیدا ماون لە دەرەوەی کەمپەکەدان، بۆیە هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتووەتەوە.
بەڵام زیانی زۆری مادیی لێکەوتووەتەوە و بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە لە ناوچەکەدا.
ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی ڕابردووشدا کەمپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕۆژهەڵات چەندین جار لەلایەن ئێرانەوە کراونەتە ئامانج، لە بەرامبەردا هەرێمی کوردستان هەمیشە جەختی لە بێلایەنبوونی خۆی و سەرکۆنەکردنی ئەم هێرشانە کردووەتەوە.