ڕێکخراوی بەندەرەکان و دەریایی هورمزگان ڕایگەیاند کە سەرەڕای توندبوونەوەی گەمارۆ ئابوورییەکان و گەمارۆی دەریایی ئەمریکا، لە نیوەی یەکەمی ساڵدا زیاتر لە پێنج ملیۆن تۆن بەرهەمی نەوتی لە گەورەترین بەندەری بازرگانیی ئێرانەوە هەناردە کراوە.
ئاژانسی هەواڵی فارس لە زاری حوسێن عەباسنەژاد، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوەکە بڵاوی کردەوە کە سەرەڕای جەنگ و توندکردنەوەی بەربەستە ئابوورییەکان، بڕی پێنج ملیۆن و 140هەزار تۆن بەرهەمی نەوتی لە بەندەری شەهید ڕەجاییەوە هەناردە کراوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە مانگی نیساندا و دوای شکستخواردنی دانوستانەکانی پاکستان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل دژ بە ئێران، ئەمریکا گەمارۆیەکی سەربازیی بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا سەپاند.
هەروەها هەفتەی ڕابردوو، وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا سزای نوێی بەسەر چەندین کەس، تۆڕ و 17 کەشتیدا سەپاند کە خەریکی گواستنەوەی نەوتی خاو، بەرهەمە نەوتییەکان و پترۆکیمیایی ئێران بوون.