ئاژانسی هەواڵی «میزان»ی سەر بە دەسەڵاتی دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند، دوو گەنجی خەڵکی ئەسفەهان لەسێدارە دراون. بە گوێرەی هەواڵەکە، ئەم دوو کەسە لە خۆپیشاندانەکانی زستانی ڕابردوودا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کرابوون.
پێشتر ناوی سێ گەنج بڵاو کرابووەوە، کە بڕیار بوو لە شوێنی گشتی لەسێدارە بدرێن، ئەمەش ڕووبەڕووی شەپۆلێکی بەربڵاوی ناڕەزایەتی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و نیگەرانیی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بووەوە.
سەرەڕای ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دیمەنی گردبوونەوەی هاووڵاتییانی ئەسفەهان بڵاو بووەوە، کە بۆ ڕێگری لە جێبەجێکردنی حوکمەکە لە گۆڕەپانێکی شارەکە کۆببوونەوە، بەڵام هێزە ئەمنییەکان بڵاوەیان بە خۆپیشاندەران کرد و سزای لەسێدارەدانەکەیان جێبەجێ کرد.