عەلی ڕەزا ئارسلا، باوکی هاکان ئارسلا، ئەو گەنجەی لە شەڕەکانی ناوچەی سووری ئامەدا گیانی لەدەست دا و دوای حەوت ساڵ ئێسک و پرووسکی لە نێو سندوقێکدا ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە، داوای هەنگاوی کرداری بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتی دەکات.
عەلی ڕەزا ئارسلا ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی پێشهاتە نوێیەکانەوە ئومێدی بەدیهێنانی ئاشتی زۆرتر بووە، بەڵام جەختی کردەوە، پێویستە دەوڵەتی تورکیا هەنگاوی ڕاستەقینە بۆ چارەسەری پرسی کورد بنێت و داوای ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی و عەبدوڵا ئۆجالانی کرد.
باوکی هاکان ئارسلا ڕایگەیاند، پێویستە زمانی کوردی بە فەرمی بناسرێت و مافی ئازادی بۆ کوردان دەستەبەر بکرێت. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەرچی دیدارە سیاسییەکان ئومێدیان بەخشیوە، بەڵام نەبوونی هەنگاوی کردارەکی نیگەرانیی لای هاووڵاتییان دروست کردووە.
هەروەها هۆشدارییدا، تێکچوونی پڕۆسەی ئاشتی دەبێتە هۆی قووڵبوونەوەی ئازارەکان و داوای ئازادکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش و زیندانیانی نەخۆشیشی کرد.