بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی سلێمانی ناوی وێبسایت و ئەپلیکەیشنی فەرمیی بۆ گرتنی نۆرەی ئەلیکترۆنی بە مەبەستی دەرهێنان و نوێکردنەوەی پاسپۆرت ڕاگەیاند، کە هاوڵاتییان دەتوانن لە ڕێگەی سەکۆی 'عین العراق' (چاوی عێراق) نۆرە بگرن و لە ماوەی 24 کاتژمێردا وەڵامیان دەدرێتەوە.
بە گوێرەی ڕوونکردنەوەی پاسپۆرتی سلێمانی، هەر هاوڵاتییەک دەتوانێت لە ڕێگەی هەژمارەکەیەوە نۆرە بۆ خۆی، دایک، باوک، خۆشک و براکانی بگرێت بە مەرجێک لەسەر هەمان کارتی نیشتمانی (خێزانی) بن، بەڵام بەهۆی جیاوازیی ژمارەی کارتی نیشتمانییەوە، ناتوانرێت لەسەر هەمان هەژمار نۆرە بۆ خزم یان هاوڕێیان بگیرێت.
پاسپۆرتی سلێمانی جەختی لەوەش کردووەتەوە، لە کاتی تۆمارکردنی نۆرەکەدا پێویستە هاووڵاتییەکە خۆی ئامادە بێت، چونکە بە ڕاستەوخۆ وێنەی دەگیرێت و پێویستی بە سکانکردنی فۆتۆگرافیی کارتی نیشتمانییەکەی هەیە لە ناو ئەپەکەدا. جێی ئاماژەیە، سیستمەکە ڕۆژانە لە کاتژمێر 8:00ی بەیانییەوە تاوەکو 12:00ی شەو بۆ هاوڵاتییان بەردەست دەبێت.