دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا وەڵامی لێدوانەکانی محەممەد سەمعان، پارێزگاری کەرکووکی دایەوە، کە پێشتر ماددەی ١٤٠ی بە "هەڵەیەکی ستراتیژی" وەسف کردبوو، و جەختی کردەوە کە ئەو ماددەیە دیارترین نەخشەڕێگەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە دابڕێنراوەکان.
لە ڕاگەیەنراوەکەی دەستەکەدا هاتووە کە دەستوور پەیمانێکی ڕاستەقینە و بەرهەمی خەباتی درێژخایەنی گەلانی عێراقە دژی دیکتاتۆری، و پابەندبوون بەو دەستوورەوە ڕێزگرتنە لە ئیرادەی گەلان، هەروەها ماددەی ١٤٠ هاوسەنگییەکی دەستوورییە لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا بۆ یەکلاکردنەوەی پرسی ناسنامەی ئەو ناوچانە.
دەستەکە ئاماژەی بەوەش داوە که هەر لێدوانێک لەلایەن پارێزگاری کەرکووکەوە کە پێچەوانەی دەستوور بێت، دەبێتە هۆی دروستبوونی بێمتمانەیی، و داوای لێ کردووە کە لەم قۆناغە هەستیارەدا سەرنجی لەسەر بەهێزکردنی پێکەوەژیان و دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ شارەکە بێت، نەک بەکارهێنانی دەستەواژەی نادەستووری.