لە ڕێوڕەسمێکدا پەسەندکردنی ماستەرپلانی نوێی شاری هەولێر ڕاگەیێندرا، کە ئاراستەی گەشەی پایتەخت تاوەکو ساڵی 2050 دیاری دەکات و فراوانبوونی شارەکە بەرەو زێی گەورە دەبێت.
چوارشەممە، 23ـی ئەیلوولی 2026، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "بابەتی سەرەکیی هەموارکردنەوەی ماستەرپلانەکە، ئاراستەکردنی گەشەی شاری هەولێرە تاوەکو ساڵی 2050 بە شێوازێک کە گەشەپێدانی بەردەوام بەدی بێنێت و لەم چوارچێوەیەشدا 26 دیدگەی جیاواز و چەندین ستراتیجی داڕێژراون."
وەزیری شارەوانی ئاماژەی بەوەش دا کە ماستەرپلانەکە بە شێوەیەکی زانستی و بە ڕەچاوکردنی مێژوو، بارودۆخی ئێستا و پێشکەوتنی ئاییندەی شارەکە ئامادە کراوە و بوارەکانی ئاو، ئاوەڕۆ، کارەبا، ژینگە، گۆڕانی کەشوهەوا، پیشەسازی، ئابووری، گواستنەوە و خۆپاراستن لە لافاوی تێدا خوێندنەوەی بۆ کراوە.
سەبارەت بە ئاراستەی فراوانبوونی هەولێر، ڕوونی کردەوە که شارەکە بەرەو ڕۆژئاوا و باکووری ڕۆژئاوا و بە ئاراستەی زێی گەورە فراوان دەبێت، ئەوەش لەسەر بنەمای شیکاریی زانستی و پشتبەستن بە 19 فاکتەری جیاوازی وەک سەرچاوەکانی ئاو، زەویی کشتوکاڵی، ڕێگاوبان و شوێنەوارییەکان جێبەجێ دەکرێت.