لە سنووری پارێزگای کەرکووک، بەهۆی ڕووداوێکی تەقەکردنەوە، جوتیارێکی کورد گیانی لەدەستدا و شوانێکیش کە هاوڕێی بووە بریندار کرا.
پەیامنێری نووچە تیڤی، شەوی ڕابردوو دوو چەکدار چوونەتە سەر گوندی (ئوسمانکە)ی سەر بە شاری کەرکووک لە نزیک شارەدێی لەیلان و گەنمی جوتیارێکی ناوچەکەیان دزیوە. ئەمشەو دووبارە گەڕاونەتەوە بۆ هەمان شوێن، بەڵام لە لایەن خاوەنی گەنمەکە کە جوتیارێکی کوردە بە ناوی "ستار جەبار" بینراون. جوتیارەکە و شوانەکەی دوایان کەوتوون و لە سنووری گوندی "خدربلاخ" پێیان گەیشتوونەتەوە.
لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەدا، دزەکان تەقەیان لە جوتیارە کوردەکە و شوانە عەرەبەکەی کردووە، لە ئەنجامدا جوتیارەکە (ستار جەبار) دەستبەجێ کوژراوە و شوانە عەرەبەکەش بە سەختی بریندار بووە. چەکدارەکان دوای ئەنجامدانی تاوانەکە بۆ شوێنێکی نادیار هەڵاتوون و هێزە ئەمنییەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون کردووە.