ئاگرێکی بەهێز کە لە دوێنێ سێ شەممە لە نێوان گوندەکانی (ژاژڵە) و (بەردبەرد) لە سنووری شارۆچکەی ماوەت سەر بە ناوچەی شارباژێڕ دەستیپێکردووە، سەرەڕای ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە لایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانی، پۆلیسی دارستان و هاووڵاتیانەوە کوژێنرایەوە، بەڵام بەهۆی هەڵکردنی ڕەشەباوە سەرلەنوێ گڕیگرتووەتەوە و لە تەشەنەکردنی بەردەوامدایە.
موقەدەم هۆگر محەمەد، بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستانی ماوەت ڕایگەیاند کە بەهۆی سەختیی ناوچەکە و نەگەیشتنی ئۆتۆمبێل، هاوکات لەگەڵ نەبوونی پێداویستیی پێویست، نەیانتوانیوە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە بوونی کێڵگەیەکی مینی بەرفراوان لە ناوچەکەدا کە لە بەیانییەوە تا ئێستا زیاتر لە ١٠ مینی پێدا تەقیوەتەوە، بووەتە هۆی ئەوەی هاووڵاتیان نەتوانن لە شوێنی ئاگرەکە نزیک ببنەوە بۆ هاوکاری.
موقەدەم هۆگر وتیشی: "ئێستا شۆفڵ و کەرەستەی پێویستمان پێگەیشتووە و پلانمان هەیە لە دوورەوە هێڵی ئاگربڕ دروست بکەین تا ڕێگری لە تەشەنەکردنی زیاتری بکەین." بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان هۆشداریش دەدات کە ئەگەر ڕێگری لە ئاگرەکە نەکرێت، مەترسی هەیە بگاتە ناوەندی شارۆچکەی ماوەت، بۆیە داوا لە هاووڵاتیان و خەڵکی ناوچەکە دەکات بۆ هاوکاریی تیمەکان بچنە سەر هێڵ.