سبەی دووشەممە (٣ی ئاب)، ١٢ ساڵ بەسەر تاوانی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی لە شنگال و دەوروبەری لەلایەن ڕێکخراوی داعشەوە تێدەپەڕێت؛
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، تا ئێستا نزیکەی ٣٦٠٠ کەس رزگار کراون و چارەنووسی هەزاران کەسی تریش هێشتا نادیارە.
حوسێن قائیدی، بەرپرسی مەکتەبی رزگارکردنی ڕفێنراوانی دەست داعش ڕاگەیاند، "پێش هێرشەکەی ٣ی ئابی ٢٠١٤، ژمارەی ئێزدییەکان لە شنگال و دەوروبەری نزیکەی ٥٥٠ هەزار کەس بووە و بە گشتی نزیکەی ٥ هەزار ئێزدی لەلایەن داعشەوە شەهید کراون."
سەبارەت بە دۆسیەی ڕفێنراوان، قائیدی ئاماژەی بەوە کرد کە لە کۆی ٦,٤١٧ هاووڵاتیی ڕفێنراو (٣,٥٤٨ نێر و ٢,٨٦٩ مێ)، تا ئێستا ٣,٥٩٥ کەس ڕزگار کراون، کە پێکهاتوون لە (١,٢١٣ ژن، ٣٣٩ پیاو، ١,٠٧٩ کچ و ٩٦٤ کوڕ)، هاوکات هێشتا چارەنووسی ٢,٥٢٦ کەسی تر (١,٢١٥ مێ و ١,٣١١ نێر) نادیارە.
لەبارەی دۆخی ئاوارەکانەوە، بەرپرسی مەکتەبەکە ئەوەی خستە ڕوو کە ئێستا ١٣٥,٨٦٠ ئاوارەی ئێزدی لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستاندا دەژین و ١٨٩,٣٣٧ کەسی تریش لە شارە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن.
لە چوارچێوەی بەدواداچوونی تاوانەکاندا، لە دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچەکە تا ئێستا ٩٣ گۆڕی بەکۆمەڵ و چەند گۆڕێکی تاکەکەسی دۆزراونەتەوە، کە لەو گۆڕانە ٢٩٦ تەرم دەرهێنراونەتەوە و ڕادەستی کەسوکاریان کراونەتەوە (٤١ مێ و ٢٥٥ نێر)، لەکاتێکدا ژمارەیەکی زۆر گۆڕی تری بەکۆمەڵ هەن کە تا ئێستا هەڵنەدراونەتەوە.
هەروەها چەکدارانی داعش ٦٨ مەزار و شوێنی پیرۆزی ئێزدییەکانیان تەقاندووەتەوە و وێران کردووە.