عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێست، لە پەیامێکی ئاراستەکراودا بۆ بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی، ڕایگەیاند کە خاڵی گومرگیی باشماخ بە تەواوی فەرامۆش کراوە و بە ئاشکرا کاری قاچاخچێتی تێدا دەکرێت.
عەلی حەمەساڵح ئاماژەی بەوە کردووە کە مەرزی باشماخ، کە سەردەمێک داهاتی مانگانەی لە ٣٠ ملیار دینار زیاتر بوو، ئێستا داهاتی نەماوە و مردووە. ئەو ئاشکرای کردووە کە ئێستا لەو مەرزەدا بە فەرمی هێڵێکی قاچاخ بە ناوی "تەنسیق" دروستکراوە و بە ئاشکرا بە خەڵک دەگوترێت لەبری گومرگی فەرمی، بەو هێڵە کە زۆر هەرزانترە کاڵاکانیان هاوردە بکەن.
بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێست ئەوەشی خستووەتەڕوو کە تەنها سێ ئۆتۆمبێل لە هێڵی گومرگی فەرمیدا وەستاون، لە کاتێکدا زیاتر لە ١٠٠ ئۆتۆمبێل لەسەر هێڵی "تەنسیق"ن؛ جەختیشی کردووەتەوە کە هێزە ئەمنییەکان و ئاسایش لەبری پاراستنی یاسا، بە فەرمی بوونەتە پاسەوانی هێڵی قاچاخ و تێکدانی داهاتی گشتی.