"دەستپێشخەریی یەکێتیی دیموکراتیک" لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا بەتوندی سەرکۆنەی پەرەسەندنی هێرشە موشەکی و درۆنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بۆ سەر ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان کرد و ڕایگەیاند، لە ماوەی پێنج مانگی ڕابردوودا نزیکەی هەزار موشەک و درۆن ئاراستەی خاکی هەرێمی کوردستان کراون.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، سیاسەتی سەرکوتکاری، دەستگیرکردن و لەسێدارەدانی هاووڵاتیانی کورد لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە مێژوویەکی دەیان ساڵەی هەیە و تەنها پەیوەست نییە بە ڕژێمی ئێستاوە، بەڵکو لە سەردەمی شای ئێرانیشدا بە هەمان شێوە بەردەوام بووە.
دەستپێشخەرییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، تەنانەت لەم ڕۆژانەشدا کە تاران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لە گرژیدایە، هێشتا دەست لە دوژمنکاریی گەلی کورد هەڵناگرێت.
بەپێی دەقی ڕاگەیەندراوەکە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێرشەکان لەسەر پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی بە شێوەیەکی نائاسایی چڕ بوونەتەوە و کەمپی پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان کردووەتە ئامانج.
بەتایبەتی هێرشەکەی سەر کەمپی "کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان" کە بەهۆیەوە ٩ پێشمەرگە شەهید بوون. هاوکات ئاماژە بە بوونی ئیدیعایەک کراوە کە ئێران خەریکی گواستنەوەی چەکی قورسە بۆ سەر سنوورەکان بە مەبەستی ئەنجامدانی هێرشی توندتر دژی هێزە کوردییەکان.
درێژەی ڕاگەیەندراوەکە پێشوازی لە ڕێککەوتن و یەکێتیی شەش پارتی کوردی ڕۆژهەڵات دەکات؛ لە کۆتاییدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە لەم دۆخە مەترسیدارەدا، تاکە ڕێگەی پاراستنی دەستکەوتەکان و مسۆگەرکردنی ئازادی، پێکهێنانی یەکێتیی نەتەوەیی، هاوهەڵوێستی و یەکدەنگیی هێزە کوردییەکانە تاوەکو تەواوی جیهان بزانێت گەلی کورد و کوردستان چی دەوێت.