لیژنەی کاتیی پەرلەمانی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە لە پرسی ناردنی 50 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە و قەیرانی بەنزین، یەکەم کۆبوونەوەی خۆی بە سەرۆکایەتیی عامر عەبدولجەبار ئەنجام دا.
پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا جەخت دەکەنەوە کە پێویستە پشکی هەرێمی کوردستان لە نەوتی خاو لە 50 هەزار بەرمیلەوە بۆ بەشی شایستەی دانیشتووان زیاد بکرێت تاوەکو بەنزین بە نرخی پاڵپشتیکراوی 450 دینار بگاتە هاووڵاتییان.
بڕیارە دەستبەجێ دوای ڕێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن، لیژنەکە بانگهێشتی وەزیرانی نەوتی فیدراڵی و سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان بکات بۆ داڕشتنی ڕاسپاردەی کۆتایی و دەنگدان لەسەری لە پەرلەمان.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نرخ و جۆری بەنزین ڕاگەیاند، لەوانە بەردەوامبوونی دابەشکردنی بەنزینی نۆرماڵ بە نرخی پاڵپشتیکراوی ئێستا، پێداچوونەوە بە نرخی بەنزینی سوپەر و موحەسەن و ڕێگری لە قۆرخکاری.
هاوکات حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی داوای لە بەغدا کرد، پشکی نەوتی خاوی هەرێم لە 50 هەزار بەرمیلەوە بەپێی ڕێژەی دانیشتووان بۆ 126.7 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرز بکاتەوە.