سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بە بۆنەی نۆیەمین ساڵیادی گشتپرسیی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و تێیدا جەخت لەسەر ئیرادەی نەتەوەیی دەکاتەوە.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە پەیامەکەیدا سەبارەت بە یادەکە نووسیویەتی: "ساڵیادی سەرکەوتنی ئیرادەی نەتەوە پیرۆز و پایەدار بێت."
ڕۆژی ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧، ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی لە باشووری کوردستان بەڕێوەچوو، کە تێیدا زیاتر لە ٧٢٪ـی هاونیشتمانییانی خاوەن مافی دەنگدان بەشدارییان تێدا کرد و لەو ڕێژەیەش ٩٢.٧٪ـی بەشداربووان بە "بەڵێ" دەنگیان بۆ سەربەخۆیی و جیابوونەوەی هەرێمی کوردستان لە عێراق دا.
دوای ئەنجامدانی ئەو پرۆسەیە، حکومەتی عێراق و ژمارەیەک لە وڵاتانی ناوچەکە گوشارێکی زۆریان خستە سەر هەرێمی کوردستان، لەوانەش داخستنی دەروازە سنوورییەکان لەلایەن تارانەوە و ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەکان لەلایەن بەغداوە.