ڕاستەوخۆ

نۆ ساڵ بەسەر ڕیفراندۆمدا تێپەڕی؛ مێژووی بڕیارێک کە نەخشەی سیاسیی هەرێمی کوردستانی گۆڕی

reset font size increase font size

نۆ ساڵ بەسەر یەکێک لە چارەنووسسازترین بڕیارەکانی مێژووی هاوچەرخی کورددا تێدەپەڕێت؛ بڕیارێک کە سەرەڕای هۆشداری و فشارە نێودەوڵەتییەکان جێبەجێ کرا، بەڵام دەرئەنجامەکەی گۆڕانکاریی گەورەی بەسەر دۆخی سیاسی و جوگرافیای هەرێمی کوردستاندا هێنا.

مێژووی بڕیارەکە لە پیرمامەوە

رۆژی ٧ی حوزەیرانی ٢٠١٧، سەرکردەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسعود بارزانی لە پیرمام کۆبوونەوە و ڕۆژی ٢٥ی ئەیلوولی هەمان ساڵیان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی دیاری کرد. لەو ڕیفراندۆمەدا دوو ملیۆن و ٨٦١ هەزار و ٤٧١ کەس بە "بەڵێ" دەنگیان بۆ سەربەخۆیی دا، کە ڕێژەکەی زیاتر لە ٩٢٪ـی بەشداربووان بوو.

فشارە نێودەوڵەتییەکان و هەڵوێستی ئەمریکا

لە چەند ڕۆژی کۆتایی پێش ئەنجامدانی پرۆسەکەدا، شەپۆلێکی توندی ناڕەزایی و هەوڵی نێودەوڵەتی بۆ ڕاگرتنی ڕیفراندۆم دەستی پێ کرد. عێراق، ئێران و تورکیا هاوپەیمانێتییەکیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پێکهێنا. ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە کۆی دەنگی هەردوو ١٥ ئەندامەکەی داوای لە هەرێمی کوردستان کرد پڕۆسەکە ڕابگرێت.

لە ڕۆژی ٢٣ی ئەیلوولی ٢٠١٧دا، رێکس تیلەرسن، وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئەمریکا، نامەیەکی ئاراستەی مەسعود بارزانی کرد و تێیدا چەندین بەڵێنی دابوو، لەوانە دەستپێکردنی دانوستاندن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ بەغدا لەژێر چاودێریی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، داننان بە مافەکانی کورد و ئاسانکاریکردن بۆ پاڵپشتیی نێودەوڵەتی، تەنانەت ئەگەر هەوڵەکانیش بشکەستبانایە، دان بە پێویستیی ڕیفراندۆمدا دەنارا. سەرەڕای ئەمەش، ئەنجومەنی ڕیفراندۆم سور بوو لەسەر ئەنجامدانی و مەسعود بارزانی ڕەتی کردەوە دوابخرێت.

قۆناغی سزا و گەمارۆکان

تەنیا ڕۆژێک دوای ڕیفراندۆم، قۆناغێکی نوێی سەخت و پڕ لە گەمارۆ دەستی پێ کرد. لە ٢٩ی ئەیلوولدا بەغدا گەشتە ئاسمانییەکانی هەرێمی کوردستانی ڕاگرت و هاتوچۆی شاندە دیپلۆماسییەکانی قەدەغە کرد. تورکیا لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل هێزی جێگیر کرد و لەگەڵ سوپای عێراق مانۆڕی سەربازیی ئەنجام دا، هاوکات ئێرانیش هێزەکانی هێنایە دەروازەی پەروێزخان.

دەرئەنجامە سەربازییەکان و لەدەستدانی خاک

تەنها سێ هەفتە دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، سوپای عێراق و حەشدی شەعبی جووڵەیان پێ کرا و لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا کەرکوک و تەواوی ناوچە جێناکۆکەکانیان کۆنتڕۆڵ کردەوە. هێزەکانی پێشمەرگە پاشەکشەیان بۆ ناوچەکانی پێش ساڵی ٢٠٠٣ کرد.

بەهۆی ئەم گۆڕانکارییانەوە، کورد ٥١٪ـی خاکی باشووری کوردستانی لەدەستدا؛ ئەو خاکەی کە دوای شەڕی داعش و بە خوێنی زیاتر لە هەزار و ٨٠٠ شەهید گەڕابووەوە ژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.