ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، گەنجێکی تەمەن 30 ساڵ لە سنووری گوندی تازەدێ لەسەر ڕووباری سیروان خنکا و تاوەکو ئێستا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە.
ئیبراهیم محەممەد، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی گەرمیان ڕایگەیاند، ڕوداوەکە نزیکەی کاتژمێر 5:00ی ئێوارە بووە. خنکاوەکە ناوی (محەممەد عەبدولڕەحمان)ە، خێزاندارە و پیشەی پەرستارە لە کەلار، ناوبراو لەگەڵ باوک و کەسوکارەکەیدا بۆ ڕاوەماسی چووەتە سەر ڕووباری سیروان و بەهۆی گیربوونی قاچی لە تۆڕی ماسیدا خنکاوە.
تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە گەڕان بەردەوامن و تیمێکی پۆلیسیش بۆ لێکۆڵینەوە گەیشتووەتە شوێنی ڕووداوەکە.
بە گوێرەی ئامارەکانی بەرگریی شارستانیی گەرمیان، ئەمە پێنجەمین حاڵەتی خنکانە لەمساڵدا لە سنوورەکە تۆمار بکرێت، کە تاوەکو ئێستا تەرمی دووانیان (محەمەد عەبدولڕەحمان و ئەحمەد لوقمان) نەدۆزراونەتەوە.