وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان زیاتر لە 500 هەزار فەرمانی ڕەزامەندیی بۆ وەرگرتنی زەوی بۆ شارەوانییەکان گەڕاندووەتەوە.
ئەم هەنگاوەش لە چوارچێوەی بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیراندایە لە 27ی ئاداری 2024 بۆ بەخشینی زەوی بەو فەرمانبەر، خانەنشین و پێشمەرگانەی کە تاوەکو ئێستا سوودمەند نەبوون.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکان، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 130 هەزار پارچە زەوی لە تەواوی هەرێمی کوردستان دابەشکراون. پرۆسەکە بە گوێرەی سیستمێکی خاڵبەندی و بە تیروپشک بەڕێوەدەچێت، کە تێیدا ڕووبەری هەر پارچە زەوییەک 200 مەتر دووجایە.
بە گوێرەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دابەشکردنی زەوی لە سنووری پارێزگای هەولێر خێراترە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 80 هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەران، خانەشین و پێشمەرگەدا دابەشکراون.
ڕەنجدەر ئومێد، سەرپەرشتیار لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر جەختی کردەوە، ناوی هەموو ئەو کەسانەی شایستەن گەڕاوەتەوە و مافی کەس نافەوتێت، بەڵکو دابەشکردنەکە بەپێی قۆناخ و تیروپشک بەردەوام دەبێت.
سەرپەرشتیارەکەی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر جەختی لەوەش کردەوە، زیاتر لە 40 هەزار پارچە زەویی دیکەیان لە ناوچەکانی دەوروبەری شارەکەدا دابەش کردووە.
ئامارەکانی دابەشکردنی زەوی لە پارێزگاکانی سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە بەم شێوەیەن، لە پارێزگای سلێمانی تاکو ئێستا، زیاتر لە 30 هەزار پارچە زەوی دابەشکراون، لە پارێزگای دهۆک، زیاتر لە 20 هەزار پارچە زەوی دابەشکراون، لە پارێزگای هەڵەبجەش، کەمترین ڕێژەی دابەشکردنی زەوی تێدا تۆمارکراوە کە نزیکەی 300 پارچە زەوییە 200 پارچە لە سەنتەری شار و کەمتر لە 100 پارچە لە ناحیەی بیارە.