شاندی هه‌رێمی كوردستان له به‌غداد داوای پشكی هه‌رێم له قه‌رز و هاوكارییه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و زیادكردنی پشكەکەی له بودجه‌ی فیدراڵیی ده‌كات بۆ له‌سه‌دا 14.
ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەڕاگەیه‌نراوێكدا ئاشکرایدەکات، شانده‌كه‌یان له‌گه‌ڵ وەزیرانی نەوت، دارایی و پلاندانانی عێراق کۆبوونەته‌وە و داوایانکردووە، پشكی هه‌رێم بۆ ساڵی 2027 دادپه‌روه‌رانه و به گوێره‌ی ده‌ستوور له بودجه‌ی فیدراڵیی جێگیر بكرێت، بە جۆرێک پشكی هه‌رێمی کوردستان لە سه‌دا 12 پۆینت 67ە وە زیاد بكرێت بۆ له‌سه‌دا 14 به‌گوێره‌ی دوایین سه‌رژمێریی، كه ده‌كاته 29 تریلیۆن دینار، هه‌روه‌ها هه‌رێم پشكی هه‌بێت له قه‌رز و هاوكارییه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و پترۆ دۆلاری پارێزگاكان.
شانده‌كه‌ی هه‌رێم داواشیكردووه، پله به‌رزكردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له بودجه‌دا جێگیر بكرێت و پاره‌ی پێویستی بۆ ته‌رخان بكرێت، له‌گه‌ڵ به هه‌میشه‌یی كردنی گرێبه‌سته‌كان و دامه‌زراندنی سێ یه‌كه‌مه‌كانی زانكۆ و په‌یمانگه‌كان و پاره‌ی پێویستیان بۆ ته‌رخان بكرێت، ئه‌وه جگه له جێگیركردنی هه‌نارده‌ی 300 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی ڕۆژانه‌ی هه‌رێم و زیادكردنی پشكی ناوخۆیی هه‌رێم بۆ 140 هه‌زار به‌رمیل.