بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، مەفرەزەکانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی چەمچەماڵی سەر بە بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان، توانویانە سێ تۆمەتبار بە تۆمەتی دزینی چەند سەر ئاژەڵێک دەستگیر بکەن.
دەستگیرکردنی ئەم تۆمەتبارانە دوای ئەوە هات، هاوڵاتییەک لە نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی چەمچەماڵ سکاڵای فەرمیی تۆمار کرد دەربارەی دزرانی چەند سەر ئاژەڵێکی. دوابەدوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، لێکۆڵینەوەی ورد لە ئەنجامی ڕووداوەکە دەستی پێکرد و توانرا لە ماوەیەکی کورتدا شوێنی تۆمەتباران بدۆزرێتەوە و دەستگیر بكرێن.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی پۆلیسی سلێمانی، هەرسێ تۆمەتبارەکە بە ناوەکانی (م، ع، ع لەدایکبووی 2000)، (ب، هـ، ک لەدایکبووی 2006) و (م، ن، أ لەدایکبووی 2006)، بەپێی مادەی (443) لە یاسای سزادانی عێراقی بە بڕیاری دادوەر ڕاگیراون و لێکۆڵینەوەی یاسایی لەگەڵیاندا بەردەوامە.