28 لایەنی سیاسی و ڕێکخراوی مەدەنیی باشووری کوردستان نامەیەک ئاراستەی ئەنجوومەنی ئەورووپا دەکەن و داوای دەستەبەرکردنی "مافی هیوا" بۆ عەبدوڵا ئۆجالان دەکەن.
نامەکە بە دەستپێشخەریی کۆمیتەی ئازادیی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان و 28 لایەنی سیاسیی و ڕێکخراوی مەدەنی و ژمارەیەک کەسایەتی باشووری کوردستان، نێردراوە و ئاڕاستەی گابریێل ڕێفێل، باڵیۆز و نوێنەری هەمیشەیی مۆناکۆ لە ئەنجوومەنی ئەورووپا و سەرۆکی کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەورووپا کراوە.
لە نامەکەدا جەخت لە کاریگەرییە ئەرێنییەکانی بانگەوازە ئاشتییەکەی ئۆجالان لە شووباتی ٢٠٢٥ دەکاتەوە، کە بووە هۆی پاراستنی ناوچەکە لە فراوانبوونی شەڕ، هەروەها لە ناوەرۆکی نامەکەدا نیگەرانیی قووڵ نیشان دراوە لەوەی مەرجەکانی زیندانی ئیمراڵی وەک خۆیان ماونەتەوە و تورکیا هیچ هەنگاوێکی بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ساڵی ٢٠١٤ی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا نەناوە.
لە کۆتاییدا، لایەنەکان داواکارن ئەنجوومەنی ئەورووپا بڕیاری "مافی هیوا" و ئازادیی جەستەیی وەک یەکەم هەنگاوی یاسایی بناسێنێت، بۆ ئەوەی ئۆجالان بتوانێت بە شێوەیەکی کرداری و تەواوەتی بەشداری لە پرۆسەی ئاشتیدا بکات.