لە ئەنجامی هەڵمەتێکی مەیدانیی فراواندا، لێژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی قەزای چەمچەماڵ دەستیان بەسەر 5 تۆن خۆراک و شمەکی جۆراوجۆری بەسەرچوودا گرت و سەرجەمیان لەناوبرد.
بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی چەمچەماڵ بڵاوی کردەوە کە ئەم کەرەستە و خۆراکە خراپەوانە لە ڕێگەی گەڕان و پشکنینی بەردەوامی لیژنە هاوبەشەکان لەناو بازاڕ، مارکێت و شوێنە گشتییەکانی قەزاکەدا دەستبەسەردا گیراون.
لیژنە هاوبەشەکان، کە لە نوێنەرانی قائیمقامیەت، چاودێریی تەندروستی، بەشی ئابووریی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی و بەرگریی شارستانی پێکهاتوون، بە هاوکاریی کۆمپانیایەکی تایبەتمەند پرۆسەی لەناوبردنی سەرجەم شمەکە دەستبەسەرداگیراوەکانیان ئەنجام دا.
لای خۆیەوە، بەڕێوەبەرایەتییەکە جەختی لەوە کردەوە کە ڕێکاری توندی یاسایی بەرامبەر ئەو خاوەن شوێن و مارکێتانە گیراوەتەبەر کە مەرجەکانی تەندروستییان پێشێلکردووە، و داواش لە هاووڵاتییان دەکات لە کاتی بینینی هەر شمەکێکی بەسەرچوودا، دەستبەجێ لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار بکەنەوە.