ڕاستەوخۆ

نێچیرڤان بارزانی: کەشوهەوایەکی لەبار لەنێوان پارتی و یەکێتیدا بۆ پێکهێنانی حکومەت هەیە و هێزەکانی پێشمەرگەش یەکخراون

reset font size increase font size

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە شاری سلێمانی ڕایگەیاند، بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی باش کراون و کەشوهەوایەکی لەبار هەیە؛ سەبارەت بە پێشمەرگەش دەڵێت، هێزەکان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا کۆکراونەتەوە.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ی ئەیلوولی 2026، لە پاش بەشداریکردنی لە "لووتکەی ئابووریی سلێمانی" لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەڤانیدا تیشکی خستە سەر چەندین پرسی گرنگی سیاسی و ئابووری و ڕایگەیاند، بە ئاراستەیەکی باش دەڕۆن بۆ پێکهێنانی حکومەت و تاوەکو ئێستاش کۆبوونەوەی باش لەنێوان سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و مەکتەبی سیاسیی هەردوو حزبی پارتی و یەکێتیدا ئەنجام دراون.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان خۆشحاڵیی خۆی بە باشتربوونی دۆخ و کەشوهەوای سیاسیی نێوان هێزە کوردییەکان و بەتایبەت پارتی و یەکێتی دەربڕی و هیوای خواست ئەمە بگاتە ئەنجامێکی باش.

 هەروەها لەبارەی شاری سلێمانییەوە، ئاماژەی بەوە کرد کە خۆشحاڵە بە سەردانیکردنی ئەم شارە خۆشەویستە و پێیوایە لووتکەی ئابووریی سلێمانی کۆنفرانسێکی بەرهەمدار دەبێت بۆ پەرەپێدانی وەبەرهێنان.

لە تەوەرێکی تری قسەکانیدا، نێچیرڤان بارزانی باسی لە پرسی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە کرد و ئاشکرای کرد: "لەم نزیکانە ڕووداو و رێوڕەسمێکمان هەیە و هێزەکان هەموویان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە کۆکراونەتەوە و بە فەرمی ڕایدەگەیێنین."

سەبارەت بە دۆخی گشتیی عێراق و پەیوەندیی هەولێر و بەغدادیش، سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەوان عێراقێکیان دەوێت کە تێیدا هەموو پێکهاتەکان پەنا بۆ دەستوور ببەن نەک هێز، و داوای کرد چارەسەری دەستووریی هەمیشەیی بۆ پرسەکانی بودجە، مووچە، نەوت و گاز و دەسەڵاتەکان بدۆزرێتەوە بەجۆرێک مافەکانی هەموو هاووڵاتییان بپارێزرێت.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.