کونسوڵخانە چین لە هەولێر لەبارەی ڕووداوی گیان لەدەستدانی گەنجێکی کورد ڕایگەیاند، محەممەد سەعدەدین هادی، خوێندكاری دکتۆرا لە زانکۆی ئۆشن لە چین، بە ڕووداوێکی کارەساتبار خنکاوە، بەڵام ئاماژەی بەشوێن و هۆکاری خنکانەکەی نەکردووە.
کونسوڵخانەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا بەناوی گوتەبێژەکەیەوە بڵاویکردووەتەوە دەڵێت، درەنگانی شەوی هەشتی ئەم مانگە، کونسوڵخانەکەیان لە هەولێر، هەواڵی گیان لەدەستدانی محەممەد سەعدەدین هادی، بە ڕووداوی خنکان پێگەیشتووە.
دەشڵێت، پەیوەندییان بە لایەنی پەوەندییدارەوە کردووە لە چین بۆ زانینی دوایین پێشهات، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کە هەن، دەزگا ئەمنییە گشتییەکان و زانکۆکەش، تیمێکی تایبەتیان پێکهێناوە بۆ لێکۆڵینەوە، دوای تەواوبوونی لێکۆڵێنەوەکان زانیارییەکان بڵاودەکەنەوە و داواش دەکات، زانیاریی پشتڕاستکراوە بڵاونەکرێتەوە.
جەختیشیکردووهتەوە، لە ئامادەباشییدان بۆ ئەوەی هاوکاریی مرۆیی پێویست بۆ خێزانی محەممەد سەعدەدین دابین بکەن و گەشت بۆ چین بکەن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پاشهاتەکانی ئەو ڕووداوە.