سەروەر ھاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەهیچ شێوەیەک کێشەی کەمیی خۆراکمان نییە و بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و خۆراکیش لە ھەرێمی کوردستان بۆ بەرزبوونەوەی نرخ لە وڵاتانی بەرھەمھێنەر و زیادبوونی تێچووی ھاوردەکردن دەگەڕێتەوە.
بریکاری وەزارەتی بازرگانی هەرێمی کوردستان دەشڵێ، بەھۆی خراپیی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە و مەترسیی کۆمپانیاکانی گواستنەوە، باجی زیاتر وەردەگیرێت و ئەمەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر گرانبوونی کاڵاکان دروست کردووە، چونکە زۆربەی کاڵاکان لە دەرەوە ھاوردە دەکرێن.
ئاماژەی بەوەشکرد، نەدانی دۆلار بە نرخی بانکی ناوەندی بە بەشێک لە بازرگانان بە بیانووی تۆمارنەبوونیان لە سیستمی ئەسیکۆدا، هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخەکانن.
جەختیش دەکاتەوە، لیژنەکانیان بەردەوام چاودێریی بازاڕ دەکەن و ڕێگە بە بازرگانان نادەن ئەم دۆخە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بقۆزنەوە، ھەروەھا ڕێکاری یاسایی بەرانبەر ھەر کەسێک دەگیرێتەبەر کە سەرپێچی یان قۆرغکاری بکات.