لە کۆبوونەوەی لوتکەی سەرۆکایەتییەکانی عێراقدا، جەخت لەسەر کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و ڕەتکردنەوەی بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ ململانێ هەرێمییەکان کرایەوە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی لەبارەی کۆبوونەوەی سەرۆکایەتییەکان بڵاوکردەوە. لە کۆبوونەوەکەدا پشتیوانیی تەواو بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەی وەزاریی حکومەت و بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە سەرانسەری وڵات دووپاتکرایەوە.
لە تەوەرێکی گرنگی کۆبوونەوەکەدا، جەخت لەسەر پێویستیی پابەندبوون بە پرۆنسیپی کۆکردنەوەی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە کرا، وەک بنەمایەک بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت و سەروەریی یاسا، بەتایبەت دوای پرۆسەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق. هاوکات جەخت لە پەرەپێدانی تواناکانی هێزە چەکدارەکان بۆ پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتییان کرایەوە.
لە ڕووی ئابووری و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییەوە، سەرۆکایەتییەکان تاوتوێی ڕێگاکانی ڕووبەڕووبوونەوەی دابەزینی داهات و هەمەجۆرکردنی سەرچاوە نانەوتییەکانیان کرد. هەروەها پشتگیریی خۆیان بۆ پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان و سزادانی تێوەگلاوانی گەندەڵی دەربڕی.
لە ئاستی دەرەوەدا، سەرۆکایەتییەکانی عێراق بە توندی بەکارهێنانی خاکی عێراقیان بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ یان وەک گۆڕەپانێک بۆ یەکلاییکردنەوەی ململانێ هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان ڕەتکردەوە و داوایان کرد قەیرانەکان بە ڕێگەی دیپلۆماسی چارەسەر بکرێن.