وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەمریکا و عەرەبستانی سعودی بۆ سەر خاکی عێراق دەکات و دەڵێت، ئەو هەنگاوە لەپێناو فراوانکردنی جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەنجام دراوە.
لەو ڕاگەیەندراوەدا، ئێران هێرشەکانی هەردوو وڵاتی بۆ سەر عێراق بە "دەستدرێژکارانە" و "پێشێلکارییەکی ئاشکرای" بڕگە نێودەوڵەتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان وەسف کردووە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە هێرشەکان "لە خزمەت بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ڕژیمی زەهیونیستیدا بۆ پەرەپێدانی ئاگر و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا" ئەنجام دراون.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە هێرشەکانی شەوی ڕابردووی ئەمریکا و عەرەبستانی سعودی بۆ سەر عێراق، پێگە و مۆڵگەکانی گرووبە چەکدارە نزیکەکانی ئێران لەو وڵاتە کرابوونە ئامانج.
پێشتر فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاندبوو کە هێزەکانی ئەمریکا و سعودی بە شێوەیەکی هاوبەش هێرشی وردیان کردووەتەسەر گرووبە هاوسەنگەرەکانی ئێران لە عێراق، ئەوەش بە تۆمەتی ئەوەی کە ئەو گرووبانە بە فەرمانی سوپای پاسداران هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا و ژێرخانە نەوتییەکانی عەرەبستانی سعودی.