بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە ئەنجامی ڕووداوێکی هاتووچۆ لە پارێزگای بەسڕە، لانی کەم 10 زیارەتکار گیانیان لەدەستدا و 12ی دیکەش بریندار بوون، کە بە پێ بەرەو پارێزگای کەربەلا بەڕێوەبوون.
سەرچاوەیەکی ئەمنی بە شەفەق نیوزی ڕایگەیاندووە، شۆفێری ئۆتۆمبێلێکی جۆری تاهۆ لەسەر ڕێگای سەرەکیی قەزای هارسە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی بەسڕە، کە ڕێگای تایبەتی ڕۆیشتنی زیارەتکارانی چلەیە بەرەو کەربەلا، نزیک کاتژمێر 3ی بەرەبەیان خۆی کێشاوە بە کۆمەڵێک زیارەتکاردا.
ڕووداوەکە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 10 زیارەتکار و برینداربوونی 12ی دیکە، کە برینی هەندێکیان سەختە، هاوکات دەرکەوتووە شۆفێرەکە سەرخۆش بووە. بەهۆی ئەم ڕووداوە دڵتەزێنەشەوە، بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی بەسڕە ڕێگای گشتیی بە ڕووی هاتووچۆی ئۆتۆمبێلەکاندا داخستووە.