ماوەی چەند هەفتەیەکە ئیسرائیلییەکان لە دۆخێکی توندی دڵەڕاوکێدا دەژین، کە هۆکارەکەی نادیاری و گۆڕانکارییە بەردەوامەکانی دەوروبەری ڕووبەڕووبوونەوە پچڕپچڕەکەی نێوان واشنتن و تارانە، لە کاتێکدا ئەمریکا و ئێران لە نێوان دانوستان، هەڕەشە و لێدانە سەربازییەکاندا دێن و دەچن، ئیسرائیل تا ئێستا لە دۆخی چاوەڕوانییەکی کراوەدا گیری خواردووە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"، هاووڵاتیانی مەدەنی لە ئیسرائیل دەترسن لەوەی ئەگەر لەم هاوینەدا گەشت بکەن لە دەرەوەی وڵات بێ دەرەتان بمێننەوە، یان ناچارببنەوە بچنە ناو پەناگەکان ئەگەر شەڕ دووبارە هەڵگیرسێتەوە.
سوپای ئیسرائیلیش، کە کەمپەینە سەربازییەکەی دژی ئێران بە ئاگربربڕستێکی ڕواڵەتی کۆتایی پێهێناوە و ئێستاش لە لوبنان و غەززە دەجەنگێت، نازانێت بۆ چ سیناریۆیەک خۆی ئامادە بکات. ئەم تەمومژ و گرژییە بەردەوامە وایکردووە ڕاپرسییەکان دەربخەن، کە ئیسرائیلییەکان ئێستا هەست بە ئاسایشی کەمتر دەکەن وەک لەو کاتەی پێش هێرشە هاوبەشەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل لە شوباتی ڕابردوودا بۆ سەر ئێران ئەنجامدرا.
کێشەی سەرەکی لەوەدایە کە ئامانجەکانی ئیسرائیل لەگەڵ ئامانجەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ ناگونجێن، چونکە ترەمپ ڕوونی کردووەتەوە، کە کاری لە پێشینەی ئەو کردنەوەی گەرووی هورمزە بە ڕووی جووڵەی بازرگانیدا و هێرشە ئێستاکانی ئەمریکاش تەنها بۆ ناچارکردنی تارانە بۆ گەڕانەوە سەر مێزی دانوستان نەک هەڵگیرساندنی شەڕێکی نوێ.
لە بەرامبەردا هەر ڕێککەوتنێکی نوێی نێوان واشنتن و تاران بۆ ئیسرائیل سەرچاوەی نیگەرانییە، بەتایبەت ناوەڕۆکی ئەو لێکگەیشتنەی لە حوزەیرانی ڕابردوودا لە نێوانیان کراوە، چونکە بە گوتەی بەرپرسانی ئیسرائیلی، ئاماژەی بە چەکی بالیستیی ئێران و پشتگیرییەکانی بۆ گرووپە چەکدارەکان نەکردووە و پرسی ڕێگری لە چەکی ئەتۆمیشی دواخستووە و بڕیاریشە ملیاران دۆلار بۆ ئێران ئازاد بکات.
سەبارەت بەم دۆخە، یەعقوب ناگل، ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی بنیامین نەتانیاهۆ ڕایگەیاند، ئەنجامندانی دانوستان زۆر باشترە لە ڕێککەوتنێکی خراپ، هاوکات شیرا ئیفرۆن، شیکەرەوەی ئیسرائیلی لە دامەزراوەی "ڕاند" پێی وایە، ئیسرائیل ناچار دەبێت لەگەڵ کەمکوڕییەکانی هەر ڕێککەوتنێکدا بژی کە دەستی ئیسرائیل دەبەستێتەوە و ئازادیی جوڵەی لێ زەوت دەکات.