نووسینی/ کوردستان لەزگیەڤا
دیالەکتیکی ماتریالیستی کلاسیک (مارکسیزم)، ڕۆڵێکی مێژوویی گێڕا لە تێگەیشتن لە خولەکانی چەوسانەوەی سەرمایەداری و نیشاندانی ئەوەی کە مێژوو دەکرێت بە ئیرادەی مرۆڤ بگۆڕدرێت. بەڵام وێرانکاریی ژینگەیی، داڕمانی کۆمەڵایەتی و قەیرانە کولتوورییەکانی سەردەمی ئێمە، ئەوەیان نیشان دا کە خوێندنەوەی کۆمەڵگا تەنیا لە ڕێگەی "ئابووری و خەباتی چینایەتی"یەوە کەموکوڕی تێدایە.
لە ئەزموونە پراکتیکییەکانی سۆسیالیزمی واقیعییدا (سەردەمی ستالین و ماو)، لێکدانەوەی ململانێکان بەو شێوازەی کە "لایەک لایەکەی تر لەناودەبات" (وەک لەناوبردنی بۆرژوازی لەلایەن پرۆلیتاریاوە)، بووە هۆی گەورەبوونی دەوڵەت، بچووکبوونەوەی کۆمەڵگا و کارەساتی گەورەی مرۆیی.
ئەو تێڕوانینە دیالەکتیکییەی کە عەبدوڵا ئۆجالان پێشیخستووە، لەبری ئەوەی دیالەکتیک ڕەت بکاتەوە، ئامانجی ئەوەیە کە لەم لێکدانەوە وێرانکەر و دۆگماتیکانە (وشکانە) پاکی بکاتەوە: لادانی چەمکی لەناوبردن: لە گەردوون و کۆمەڵگادا یاسایەکی لەو شێوەیە نییە کە لایەک لایەکەی تر بە تەواوی لەناو ببات؛ بەڵکو بنەمای سەرەکی، گۆڕانکارییەکە کە لە ئەنجامی ململانێ و کارلێکەوە دروست دەبێت.
فرهەیی و دەوڵەمەندی: گەشەسەندن بە "وەک خۆ مانەوە" بەدینایەت، بەڵکو لە ڕێگەی جیاوازی و دەوڵەمەندبوونی ناوەڕۆکەوە دەبێت. ململانێ وەک سەرچاوەی داهێنان: ململانێ وەک دوژمنایەتی و بەهانەیەک بۆ سڕینەوەی ڕەها نابینرێت؛ بە پێچەوانەوە، وەک سەرچاوەیەک بۆ پێکهاتە و هاوسەنگییەکی (سەنتێزێکی) نوێ و داهێنەرانە دەبینرێت کە لە هەردوو پێکهاتە سەرەتاییەکە جیاوازە (بۆ نموونە: یەکگرتنی هایدرۆجین و ئۆکسجین کە ئاو دروست دەکەن).
ڕەتکردنەوەی جەمسەرگیری ڕەها: پێیوایە جەمسەرگیرییە وشک و بەستووەکانی وەک "پیاوسالاری ڕەها" یان "ژنێتی ڕەها"، توندوتیژی کۆمەڵایەتی و تاوانەکانی ناو خێزان بەخێو دەکەن. کاتێک بوارەکانی وەک فێمێنیزم و پیاوسالاری نەریتی دەبنە خاوەن بیرکردنەوەیەکی ڕەق و وشک، ئەمە وەک "ئینکاری دیالەکتیک" پێناسە دەکات. چونکە سیاسەت، بیرکردنەوە و کایەکانی ژیان لە دەرەوەی قاڵبە ڕەگەزپەرستییەکانن و تەنیا هی مرۆڤن.
بەڵگەی زانستی و سروشتیزانستی مۆدێرنیش ئەم پەیوەندی و کارلێکە دەسەلمێنێت: لە فیزیای کوانتەمدا "دووانەیی شەپۆل-فوتۆن" یان گۆڕانی ماددە بۆ وزە لە هاوکێشەکەی ئاینشتایندا ($E=mc^2$)، نیشانی دەدەن کە گەردوون بە یاسای میکانیکی وشک کار ناکات، بەڵکو بە دیالەکتیکێکی گۆڕاو و نەرم کار دەکات.
پەیوەندی نێوان "نێچیر و ڕاوچی" لە ژینگەناسیدا (بۆ نموونە: گورگەکانی پارکی یەلۆستۆن کە تەواوی سیستمی ژینگەیی زیندوو دەکەنەوە) یان هاوسەنگی سیستمی بەرگری و هەرسی لە لەشی مرۆڤدا، ئەوە دەسەلمێنن کە ژیان بە "لەناوبردن" بەردەوام نابێت، بەڵکو بە "گرژی و ململانێیەک کە یەکتر بەخێو دەکەن و تەواو دەکەن" بەردەوام دەبێت.
دەرئەنجام، لە دژی ئەو قەیرانە هەمەلایەنانەی کە دۆخی ئەمڕۆی پێدا تێپەڕ دەبێت، دیالەکتیکی ئۆجالان؛ ئازادیی ژن، هاوسەنگی ژینگەیی و کۆمەڵگای دیموکراتیک وەک یەکەیەکی تەواوکاری گشتی دەبینێت و پارادایمێکی نوێ پێشنیاز دەکات.
لەبری تێگەیشتنە کۆنەکان کە لەسەر بنەمای شەڕ و سڕینەوەی یەکتر بوون؛ تێڕوانینێکی بنیادنەر بۆ ژیان پێشکەش دەکات کە تێیدا جیاوازییەکان دەتوانن پێکەوە بژین و لە ڕێگەی گۆڕینی یەکترەوە گەشە بکەن.